چۆنیەتی فێربوونی زمانی ئینگلیزی لە سفرەوە
چۆنیەتی فێربوونی زمانی ئینگلیزی لە سفرەوە
چۆن لە سفرەوە یان لە سەرەتاوە فێری زمانی ئینگلیزی بین. فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ هەر کام لە ئێمە گرینگیەکی تایبەتی هەیە، چونکە دەتوانین لەگەڵ جیهانی خۆمان باشتر پەیوەندی بگرین. بۆ ئەوەی کە هەنگاو بە هەنگاو و لە سفرەوە فێری زمانی ئینگلیزی بیت ئەو بابەتە لە قیس خۆت مەدە.
سەرەتا با ئەوە بڵێم کە کارێکی گەڵێک باشت کردووە کە دەستت کردووە بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی، بۆیە دەڵیم بژی. فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە تەواوی بۆ هەر کەسێک گرینگە لەبەر ئەوەی کە لە رێگای ئەم زمانەوە دەتوانی پەیوەندی لەگەڵ هەموو جیهان بگری. فێربوونی زمانی ئینگلیزی لەسەرەتاوە یان بلێین لە سفرەوە گەشتێکی بێ کۆتایی و بەچێژە، هەر وەک زمانی کوردی کە هەندێک جار وشە و پێکهاتەی نوێی زمانەکەمان گوێ لێدەبێت و فێردەبین. کەواتە باشترە کە فێربوونی زمانی ئینگلیزی هەنگاو بە هەنگاو بکەنە بەشێک لە رۆتینی رۆژانەی خۆتان.
با سەرەتا پێتان بڵێم کە بۆ فێربوونی هەر زمانێک پێویستتان بە دوو شتی زۆر گرینگ هەیە، کە ئەگەر جێبەجێیان بکەن من بەڵێنتان پێدەدەم کە فێری زمانەکە دەبن و دەگەن بەو ئامانجەی کە مەبەستتانە.
یەکەم: خوێندنەوە و راهێنان
دووهەم: بەردەوامی، بەردەوامی، بەردەوامی
بیهێنە بەرچاوی خۆت، هەر بەو شێوەیە کە بە دوبارەکردنەوە و بەردەوام بوون فێری زمانی کوردی بوویین، ئەوا بەم شێوەیەش دەتوانین فێری زمانی ئینگلیزی یان هەر زمانێکی دیکە بین. تەنیا پێویستە هەموو رۆژێک کەمێک بخوێننەوە (موتالا بکەن) و راهێنان بکەن ئەوجار هەست بە بەرەوپێشچوونتان و گەشەکردنتان لە فێربوونی زمانەکەدا دەکەن. لە درێژەی بابەتەکەدا باسی مێتۆد و ستراتیژەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەکەین.
فێربوونی زمانی ئینگلیزی بکەن بە خوویەکی(رۆتینی) رۆژانە
ئەگەر بۆ فێربوونی هەر بابەت و زمانێک سەبرتان هەبێت و بە ئارامی هەنگاو بە هەنگاو برۆنە پێش، ئەوا دەبینن کە بەردەوام گەشە کردنتان زیاتر و زیاتr دەبێت. لە راستیدا خاڵی سەرەکی فێربوونی زمانی ئینگلیزیش ئەوەیە کە نابێ لەیەک کاتدا هەوڵ بدەن هەموو شتێک سەربارەت بە هەموو بابەتە جیاوازەکان فێر بن. بەڵکو هەوڵبدەن بە ئارامی و پلاندانان هەنگاو بە هەنگاو ڕێگایەکی دیاریکراوی فێربوونی زمانی ئینگلیزی پەیڕەو بکەن. بۆ نموونە لە سەرەتای رێگا پێویست ناکات کە رێزمان (Grammar) و پێکهاتەی زمانی ئینگلیزی فێر بن. تەنیا پێویستە کە رۆژانە تێکستی کورتی ئینگلیزی بخوێننەوە، چەند دەستەواژە یان وشەی ئینگلیزی فێر بن یان فیلم بە ژێرنووسی کوردی ببینن. بە ئاسانی دەستپێبکە و بەردەوام بە! پێویست نیە کە هەر زوو هەموو بابەتەکان فێر بن. ئەم خاڵەتان لەبەر چاو بێت کە کلیلی سەرکەوتنی ئێوە لە خوێندن و شارەزابوون لە زمانی ئینگلیزیدا ئەوەیە کە لەسەەر رێرەوی خۆت بەردەوام بی، هەرچەندە بە هێواشی و هەنگاوی بچووکیش بێت. کەواتە لەبیرت نەچێ بەردەوامبە.
فێربوونی شارەزاییە جیاوازەکانی زمانی ئینگلیزی
بەشی جیاواز لە زمانی ئینگلیزی و بە گشتی لە هەموو زمانەکانی جیهاندا هەیە. ٤ کارامەیی جیاواز هەیە بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی هەر لەسەرەتاوە. زانینی ئەم کارامەیییانە یارمەتیت دەدات پلانی باشتر بۆ پرۆسەی ڕاهێنانەکەت دابنێیت. ئەم ٤ کارامەییە بریتین لە:
گوێگرتن (Listening)
نووسین (Writing)
قسەکردن (Speaking)
خوێندنەوە (Reading)
هەڵبەت چەند بەش لە فێربوونی زمانی ئینگلیزیش پەیوەندییان بە ڕێزمان (Grammer) و فێربوونی وشە و دەستەواژە (Vocabulary) هەیە کە بەشێکن لە تەواوی ئەو ٤ کارامەییەی کە باسکراوە. بۆیە کارامەیی پێویست بۆ شارەزابوون لە زمانی ئینگلیزی ئەو شتانە بوون کە گوتران. تەنها بە بەکارهێنانی ڤیدیۆی یوتیوب و بەگشتی ڕاهێنانی جۆراوجۆر هەوڵی فێربوونی زمانەکە بەس نییە و بە دڵنیاییەوە جگە لە فێربوون بەدڵنیایەوە پێویستت بە ڕاهێنان دەبێت. بۆیە هەوڵبدەن لە دوای دانانی پلانی دروست و دەسپێکردنی فێربوون ئەوا لە پەنا ئەوەدا راهێنانتان هەبێت. بۆ نموونە نووسینی وشەی نوێ کە فێری دەبی، یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی ئەو وشە نوێیە بۆ ماوەیەکی زیاتر لە مێشکتدا بمێنێتەوە، و ڕێنووسی یان Writing ئەو وشەیە بە باشی فێر بیت.
لە درێژەی بابەتەکەدا هەنگاوەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی باس دەکەین.
هەنگاوی یەکەم: ئەم پرسیارانە لەخۆتان بکەن
بۆچی دەتانهەوێ زمانی ئینگلیزی فێربن؟
ئاخۆ بۆ کۆچکردن دەتانهەوێ فێری زمان بن؟
ئاخۆ بۆ کارەکەتان پێویستیتان بە زمانی ئینگلیزی هەیە؟
ئاخۆ بۆ سەفەر و گەشت پێویستیتان بە زمانە؟
زۆر گرینگە کە مەبەستەکەتان لە فێربوونی زمانی ئیگلیزی دیاری بکەن. چونکە هەرکام لەم مەبەست و ئامانجانە رێگایەکی فێرکاری جیاوازیان هەیە. ئەگەر کەسێک بۆ سەفەر کردن پێویستی بە زمانی ئینگلیزی بێت، ئەوا بۆ ئەو کەسە شارەزایی قسە کردن و بیستن گرینگیەکی زۆرتری هەیە و لە ئاکامدا دەبێ ئەو کەسە زیاتر لەسەر شارەزاییەکانی Speaking و Listening ورد بێتەوە و کاریان لەسەر بکات. هەروەها لە پلانی ئەودا کەمتر هەست بە پێویستی بە فێربوونی نووسینی زمانی ئینگلیزی دەکرێت و پێویست ناکات لەسەر ئەو شارەزاییە ورد بێتەوە. یان ئەگەر کەسێک بۆ کاری خۆی پێویستی بە فێربونی زمانی ئینگلیزی هەیە لە کەمترین ماوەدا، بۆ ئەو کەسە شارەزایی نووسین گرینگی زۆری هەیە، لەبەر ئەوە کە نووسینی ئیمەیل و راپۆرتی کار پێویستی بە شارەزایی نوسین هەیە. کەواتە بە دڵنیاییەوە لە سەرەتای رێگای فێرکاری خۆتان دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆتان بکەن و ئامانجەکەتان لە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دیاری بکەن.
حەز دەکەیت چۆن فێری زمانی ئینگلیزی بیت؟
ڕەنگە پێتان سەیر بێت کە دەتوانیت خۆت هەڵبژێریت چۆن هەنگاو بە هەنگاو و لە سفرەوە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەست پێبکەن. کەسانی جیاواز، لێهاتوویی و بەهرەی جیاوازیان هەیە؛ لە ئەنجامدا شێوازی فێربوونیشیان لەگەڵ یەک جیاوازە. ئەوە بەو واتایەیە کە ئەگەر خۆتان بە باشی بناسن و بزانن کام شێوازی فێربوونی زمانی ئینگلیزی ئەنجامی باشتری هەیە بۆتان، ئەوا خێراتر فێری زمانی ئینگلیزی دەبن.
بۆ نموونە بۆ هەندێک کەس ئاسانترە کە بە شێوەیەکی بینراو فێربن؛ واتە گوایە بە بینینی وێنەکە یان ڤیدیۆکە، ئەو وشەیە خێراتر لە مێشکیان جێگیر دەبێت. زۆر کەس حەزیان لەم شێوازەی فێربوونەیە؛ بۆ ئەم کەسانە فێربوونی زمانی ئینگلیزی لەرێگای فیلمەوە زۆر یارمەتیدەرو باشترە.
هەندێک کەس پێیان باشە بە گوێگرتن فێربن. بۆ نموونە کاتێک وشەیەک دەبیستن زووتر بیریان دێتەوە. کەواتە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە رێگای مۆسیقا بۆ ئەم کۆمەڵە کەسە باشترە. بە هەمان شێوە ڕێگەی جیاواز هەیە بۆ فێرکردنی زمانی ئینگلیزی، وەک فێربوونی لە رێگای جوڵەوە کە مرۆڤ هەمیشە دەجووڵێت بۆ فێربوون، و... دیاریکردنی چۆنیەتی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەبێتە هۆی خێراترکردنی پرۆسەی فێربوونتان.
بە هەمان شێوە ئەم پرسە بۆ خولە فێرکارییەکانیش هەیە. ئایا تۆ کەسێکی کۆمەڵایەتییت؟ بۆ هەندێک کەس کە کەمێک شەرمنن، ڕەنگە بۆیان قورس بێت لەبەردەم کەسانی تردا بە ئینگلیزی قسە بکەن. کەواتە باشترە بیر لەم بابەتەش بکەینەوە. ئەگەر زیاتر کەسێکی خۆگڕ بیت، بۆتۆ وا باشترە کە بەشداری لە وانەی ئۆنلاینی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بکەیت. هەروەها ئەگەر کەسێکی کۆمەڵایەتی بیت، ئەوا ئامادە بوون لە خوڵی فێرکاری بۆتان بەکەڵکتر دەبێت.
باشتر وایە ئاستی زمانی ئینگلیزییەکەتان دیار بکەن تاکوو بزانن تا چەند زمانی ئینگلیزی دەزانن. ئایا لە ئاستی سەرەتایین؟ لە ئاستی ناوەندیدان؟ یان ئاستی زمانەکە پێشکەوتوویە. وەڵامی ئەم پرسیارە یارمەتیت دەدات لە ئاستێک و خاڵێکی گونجاوەوە دەست بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بکەن. بەم شێوەیە لە هەر ئاستێکدا بن، فێربوونتان لەگەڵ ئاستی زانینی خۆتان گونجاو دەبێت.
ئاستی سەرەتایی: ئەگەر لەم ئاستەدان، پێویستە بازنەی وشەکانتان فراوانتر بکەن و زیاتر کار لەسەر فێربوونی وشە یان دەستەواژە (vocabulary) بکەن؛ هەروەها، بۆ فێربوونی کارامەییەکانی تریش هەوڵی زیاتر بدن.
ئاستی ناوەندی: ئەگەر لە ئاستێکی مامناوەنددایت، ڕەنگە تا ڕادەیەک وشەکانی زمانی ئینگلیزی بزانیت، کەواتە باشترە کاتێکی زیاتر بۆ فێربوونی ڕێزمان و پێکهاتەی زمانی ئینگلیزی تەرخان بکەن و دڵنیابن لەوەی کە ڕێزمانەکە بە باشی پەیڕەو دەکەن لە کاتی قسەکردن و نووسینی ئینگلیزیدا.
ئاستی پێشکەوتوو: کاتێک لە ئاستی پێشکەوتوودای، بە باشی وشە و رێزمانی زمانی ئینگلیزی دەزانیت و تەنها پێویستە ئاستەکەت زیاتر و زیاتر بەرز بکەیتەوە. گرنگیدان بە بێژەکردن(دەربرین) و دەستەواژەکانی زمانی ئینگلیزی و چۆنیەتی دروست قسەکردن و دروست نووسین بۆ ئێوە گرینگیەکی زیاتری هەیە.
لایەنە بەهێز و لاوەزەکانتان بناسن
لایەنە بەهێزەکەتان بناسن، لەوانەیە ئێوە لە فێربوونی رێزماندا زۆر باش بن، کەواتە دانانی کاتی کەمتر بۆ فێربوونی رێزمان، هەڵ و کاتی زۆرترتان بۆ فێربوونی شارەزاییەکانی دیکەی زمانی ئینگلیزی دەرەخسێنێت. لە لەیەکی دیکەوە (On the other hand) لەوانە لە بەشی تێگەیشتن و قسە کردن لاواز بن. کەواتە وا دروستە کە زیاتر کات بۆ فێربوونی ئەو بەشە لە شارەزایی زمان و وردبوونەوە زۆرتر لەسەر گوێ گرتن و سەەرنجدان بە دەربرین و قسە کردن دابنێن. هەوڵبدەن لەگەڵ خەڵکی زۆرتر بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەن و لەو بەشانەدا کە ئێوە تێیدا لاوازن بیانکەن بە خاڵی بەهێزی خۆتان.
ئەگەر لە نووسینیشدا لاوازن دەبێ کاتی زیاتر بۆ راهێنانی نووسینی ئینگلیزی دابنێن. بەتایبەت کەسانێک کە زۆر لاوازن لە نووسینی زمانی ئینگلیزیدا. بۆ نمونە نووسینی رۆژانە دوو پاراگراف تێکستی ئینگلیزی راهێنانێکی باشە بۆ ئەو جۆرە کەسانە.
هەنگاوی دوهەم: پلانێکی دیاریکراتان بۆ فێربوونی هەنگاو بە هەنگاوی زمانی ئینگلیزی هەبێت
پلاندانان یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی سەرکەوتن لە هەموو کار و بوارێکدایە. پڵاندانانێکی گونجاو لەگەڵ تایبەتمەندیەکانی ئێوە، زەینتان هێور دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە رامان و سەرنجی زیاتر و پلانێکی دیاریکراو هەنگاو بنێن بەرەو فێربوون و شارەزابوون لە زمانی ئینگلیزیدا. ئەوەی کە دەزانن کە هەموو رۆژێ هەنگاوێک لەو رێگایەدا هەڵدێننەوە، گرو تینێکی زۆرتان لە دەروندا پێک دێنێت کە لە کۆتاییدا پرۆسەی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ ئێوە خێراتر بەرەوپێش بچێت. بۆ نموونە رۆژانی شەممە تێکستێکی ئینگلیزی بنووسن و رۆژانی دووشەممە کار لە سەر شارەزایی قسە کردن بکەن و بەو شێوەیە لە رۆژە جیاوازەکاندا کار لەسەر راهێنانی بەشە جیاوازەکانی زمانی ئینگلیزی بکەن. لەم بەشەدا پلانێکی ئاسانتان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی لەسەرەتاوە وەک نمونە بۆ باس دەکەم.
١٠ خوڵەک گوێ لە زمان ئینگلیزی بگرە
رێژەیەکی زۆر فایلی دەنگی لە ئاستی جۆراوجۆردا بۆ فێرخوازان بەردەستن کە دەتوانن بە گوێگرتن لێیان شارەزایی گوێگرتنی خۆتان بەرز بکەنەوە. بۆ نمونە دەتوانن گوێ لە پۆدکەست بگرن لە گووگل پۆدکەست یان ئەپل پۆدکەست رێژەیەکی زۆر فەیلی دەنگی هەم لەسەر زمانی ئینگلیزی و هەمیش لە سەر بابەتی جۆراجۆر کە بە زمانی ئینگلیزین، دەست دەکەون.
١٠ خوڵەک تێکستی ئینگلیزی بخوێنەوە
بۆ باشترکردنی شارەزایی خوێندنەوەی زمانی ئینگلیزی باشترین شێواز، خوێندنەوەی کتێب و تێکستی ئینگلیزیە. ئەگەر دەست کەوتنی کتێب قورسە دەتوانن لە ئینتێرنێت تێکستی ئینگلیزی بخوێننەوە بۆ نمونە لە ویکیپێدیای ئاسان یان خودی ویکیپێدیا رۆژانە تێکستی ئینگلیزی بخوێننەوە هەروەها بەشێک لە سایت و ماڵپەرە کوردیەکانیش بەشی ئینگلیزی زمانیان هەیە بۆ نمونە ماڵپەری کوردستان٢٤ و زۆر ماڵپەری دیکە کە دەتوانن لەوێ بەپێی ئاستی شارەزایی ئینگلیزی خۆتان، تێکستی ئینگلیزی بخوێننەوە.
٥ خولەک کار لەسەر فێربوونی وشەی نوێ بکەن
٥ خولەک کات دابنێن و ئەو وشە و دەستەواژە نوێیانەی کە لە راهێنانی گوێگرتن (listening) و خوێندنەوە (reading) فێربوون لەسەر لاپەرەیەک بنووسن و بەرامبەرەکەشیان بە زمانی کوردی بنووسن و رۆژانە بیانخوێننەوە. دوای ماوەیەکی کورد دەبینن کە چەندە وشەی تازە فێربوون کە دەتوانن لە قسە کردن و نووسیندا کەڵکیان لێوەربگرن. بۆ نمونە دەتوانن وشە تازەکان لە دەفتەرێکی چوکەدا بنووسن و لەگەڵ خۆتان هەڵیبگرن و کاتێک لەناو پاسدان ئەوا بیانخوێننەوە یان بۆخۆتان ئەو وشانە لە کویزلێت بنووسن، کویزلێت هەم ماڵپەری هەیە و هەمیش ئەپی هەیە، بەو بەرنامەیە کە بەشی بێبەرامبەریشی (خۆرایی free)هەیە دەتوانن فلاشکارد دروست بکەن و رۆژانە بیانخویننەوە.
١٠ خوڵەک کات بۆ فێربوونی رێزمانی ئینگلیزی (Grammar) دابنێن
بۆ ئەوەی کە بە دروستی بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەن و بنووسن دەبێ فێری رێزمان و پێکهاتەی زمانی ئینگلیزی بن. بۆ فێربونی رێزمانی ئینگلیزی لە سفرەوە پێویستیتان بە رێنوێن یان کتێبێکە وەک سەرچاوە. بۆ ئەوە دەتوانن لە یوتیوب کە بەدەیان کەناڵی فێرکاری زمانی ئینگلیزی هەیە کەڵک وەربگرن مامۆستایانی ئەو بوارە رێزمانی ئینگلیزی فێری فێرخوازان دەکەن بۆ نمونە ئەم کاناڵانە:
British Council Learn English Kids، Jennifer ESL ، VOA Learning English
یان دەتوانن لە کتێبخانەکان کتێبی خوێندنی زمانی ئینگلیزی وەربگرن کە لەو کتێبانەدا بەباشی رێزمانی ئینگلیزی شیکراوەتەوە و دەتوانن بە خوێندنەوە و راهێنان فێری رێزمانی ئینگلیزی بن.
٥ خوڵەک بە ئینگلیز قسە بکەن
قسە کردنی رۆژانە بە زمانی ئینگلیزی زۆر گرینگە، لە رێگای قسە کردن بە ئینگلزی هەم شێوەی دروستی کەڵک وەرگرتن لە وشەکان و رێزمان(گرامێر) فێردەبن، هەم دربڕینی دروستی دەستەواژەکانی زمانی ئینگلیزی فێردەبن. کەواتە بە دەنگی بەرز ٥ خولەک بە ئینگلیزی قسە بکەن و بۆ ئەم کارە دەتوانن کەڵک لە راهێنانەکانی listening و reading کەڵک وەربگرن. ئەو راهێنانانە کورت بکەنەوە و هەوڵ بدەن بە دەنگی بەرز قسە بکەن. هەڵبەت ئەگەر برادەرێکتان هەبێت کە شارەزایی باشی هەبێت لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ راهێنان و قسە کردن هاوکاریتان بکات ئەوا زۆر باش دەبێت! ئەگەر کەسێکی واش نەبوو ئەوا خۆتان دەتوانن لەگەڵ خۆتان قسە بکەن و بۆ نمونە بەر لەخەو رووداوەکانی رۆژ بۆخۆتان بە زمانی ئینگلیزی بڵێنەوە.
زۆر باشە، ئێستا یەک بەرنامەی رۆژانەی نیو ساعەتەمان دیاری کرد، تەنیا پێویستە کە رۆژانە ئەو راهێنانانە بکەن تاکوو زوو هەست بە پێشکەوتنتان لە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بکەن و خۆتان و دەوروبەرتان سورپرایز بکەن
هەنگاوی سێهەم: فێربوونی هەنگاو بە هەنگاوی زمانی ئینگلیزی بکە بە کاری رۆژانەی خۆت
ئێستا تەنیا کارێک کە دەبێ بیکەن ئەمەیە کە رۆژانەو هەنگاو بە هەنگاو فیری زمانی ئینگلیزی بن. هەروەکوو لەسەرەتا ئاماژەم پێکرد، بەردەوامی لەو رێگایەدا گرینگیەکی لەرادەبەدەری هەیە. کەواتە دوای دەسپێکردنی هەنگاوەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی لە سفرەوە، نابێ ئەو زنجیرە بپچرن و واباشترە کە هەموو رۆژێک هەنگاوێک(کەمێکیش بێت بخوێنن) بچوکێش بێت هەڵبێننەوە بەسە بۆ ماوەی لانیکەم ٣ مانگ لەگەڵ ئەم بەرنامەیە بچینە پێش بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە ڕۆتینی ڕۆژانەتان. ئەگەر دەتانهەوێت دەتوانن ڕۆژانی هەینی پشوو بدەن، بەڵام لە ڕۆژی شەممە تا پێنجشەممە پرۆسەی فێربوونت مەبڕە. هەروەها دوای تێپەڕبوونی کات و باشتربوونی ئاستتان لە زمانی ئینگلیزیدا، پێویستە کەمێک کاتەکانی ڕاهێنان زیاد بکەن.
هەڵبەت بۆتان دەردەکەوتێ کە لەسەرەتای رێگای فێربوونی زماندا هەر ئەو نیو کاتژمێرە مێشکتان ماندوو دەکات، بەڵام هەموو رۆژێک کە راهێنان دەکەن ئەوا بۆتان ئاسان و ئاسانتر دەبنەوە و بەم شێوەیەش دەتوانن ماوەی فێربوونی زمانی ئینگلیزیەکەتان زیاد بکەن.
خاڵێکی گرینگی دیکە ئەوەیە کە دەبێ چاورێی ئەو رۆژانەش بکەن و خۆیان بۆ ئامادە بکەن کە حەز و توانانی پێویستتان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی نیە. لەوانەیە وا بێتە پێش کە بڵێن ''چی دیکە نامهەوێ فێری زمانی ئینگلیزی بم!" ئەگەر پێشتر خۆتان بۆ ئەو رۆژانە ئامادە کردبێت ئەوا بە ئاسانی مڵ نادەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی رۆژانەی فێربوونی زمانی ئینگلیزیەکەتان. یەکێکی دیکە کە یارمەتی دەدات کە بە بەردەوامی راهێنانەکانتان بکەن ئەوەیە کە بەشداری خولی فێرکاری زمانی ئینگلیزی بکەن، و لەوم روەوە کە پوڵتان داوە بەم خولانە، ئەوا بە ئەگەری زۆر واز لە خوڵەکە ناهێنن و بەردەوام دەبن لە خوێندنی زمانی ئینگلیزی.
هەنگاوی چوارەم: چاو لە پرۆسەی پێشکەوتنتان لە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بکەن
پێویستە لانیکەم هەر ٣ مانگ جارێک هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بکەن. تەنانەت ڕەنگە پێویستت بە بەسەربردنی هەفتەیەک بێت دوای مەشقکردنی خولێکی ٣ مانگی بۆ شیکردنەوەی ڕێڕەوی فێربوونت و بزانن چەندە پێشکەوتوون لە فێربوونی هەنگاو بە هەنگاوی زمانی ئینگلیزیدا؟ تا چەند پێشکەوتنت بەدەست هێناوە؟ ئایا پێویستە کاتەکانی ڕاهێنانەکانت بگۆڕیت و کاتێکی زیاتر بۆ هەندێک شارەزایی دیکە تەرخان بکەی؟ یەکەم کارێک کە دەتوانن بیکەن ئەمەیە کە ئاستی زمانەکەتان تاقی بکەنەوە. بەم شێوەیە دەتوانن بزانن کە کامە راهێنان لە پرۆسەی فێربوونی ئێوە کاریگەری زیاتری هەبووە و کامە راهێنان باشتر وەڵامدەر بووە. بەهۆی ڕاهێنانی ڕۆژانە و بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاتر لە فێربونی زمانی ئینگلیزیدا، دەتوانن وردە وردە ڕاهێنانەکان بەپێی پێشکەوتنەکانتان بگۆڕن و تەنانەت ڕێگەی نوێتر بەکاربێنن بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی. شێوازی نوێ وەک سەیرکردنی فیلم بە ژێرنووسی کوردی یان ئینگلیزی، گوێگرتن لە مۆسیقای ئینگلیزی، نووسینی کورتە چیرۆک و هتد.
باشە کە ئەوە خاڵە گرینگەتان لەبەرچاو بێت کە بە روانگەیەکی کراوەتر ئەزمونێکی زۆرتر رێگای فێربوونی زمانی ئینگلیزی درێژە بدەن. لەم پرۆسەیەدا سەرەتا هەست بە گەشە کردنێکی زۆر دەکەن و بەخۆتان دەڵێن کە چەند باشە کە دەتوانم کەمێک بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەم، بەڵام هەرچەند لەو پرۆسەیەدا زۆرتر بەردەوام بن پرۆسەی گەشە سەندنتان کەمتر دێتە بەرچاو لەبەر ئەوە ئێوە فێری زمانێک دەبن کە زۆر بەرفراوان و بەربڵاوە. کەواتە لەبیرتان بێت کە بەبێ سەرنجدان بەم بابەتانە، درێژە بە رێگای فێربوونی خۆتان بدەن و دڵنیا بن کە گەشە دەکەن تەنانەت ئەگەر هەستیشی پێنەکەن.
ئاکامی کۆتایی
فێربوونی هەر بابەتێک بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی دەتوانێ زۆر ئاسان و بەچێژ بێت. تەنیا پێویستە کە پلان و بەرنامەیەکی دیاریکراوتان بۆی هەبێت و بە پێی بەرنامە و پلانی خۆتان بچنە پێش و لەسەری سوور بن. بە ئاسانی دەست پبکەن و لە رێگای خۆتان بەردەوام بن و زۆر گوشار مەخەنە سەر خۆتان بۆ فێربوون، هەر ئەو هەنگاوە چوکانە وەردە وردە ئاستی زمانی ئینگلیزیتان دەباتە سەر.
دەتوانن بۆ دیتنی ڤیدیۆی فێرکاری زمانی ئینگلیزی سەردانی کاناڵەکەم لە یوتیوب بکەن و کاناڵەکە سابسکرایب بکەن
Comments
Post a Comment